کەمپەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریدان...هەڵوەشاندنەوەیان ساڵی 2026
سەرچاوەیەکی ئەمنی فەرمی له حکومەتی عێراق بۆ ئاژانسی موتەڵع ئاشکرای کرد، شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، کەپێکهاتبوو لە بەرپرسانی دیپلۆماسی و،سەربازی و ئەمنی، لە ڕۆژانی 25 و 26ی ئایار، سەردانێکی مەیدانییان بۆ کەمپ و بارەگاکانی پارته کوردییەکانی ئێران له هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە، ئەم سەردانەش لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان بەغدا و تارانە.
سەردانەکە ئەو کەمپانەی لەخۆگرتبوو کە پێشتر چۆڵکراون و کەمپە کاتییەکان کە هێشتا ماون بەڵام لەژێر ڕێوشوێنی ئەمنی توندان.
لە دیارترین ئەو شوێنانەی کە شاندی ئێران سەردانی کردوون،"ئەمیریە، ئازادی، زۆی سپی، دێگەڵە، هەیبەت سوڵتان، و قەڵای دیموکرات"، لەپاڵ "کەمپی زڕگوێز" سەر بە حیزبی کۆمەڵە، "کەمپی شەمزینی" سەر بە پارتی پاک و دوو ئۆردوگای کاتی لە سورداش و بالیسان".
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لەم سەردانەدا، چەکی سووک و مامناوەند کە لەم کەمپانە کۆکراونەتەوە، وەک بەڵگەیەک بۆ پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ شاندی ئێران نمایشکران.
هەروەها هەردوولا باسیان لە قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنەکە کرد کە بریتییە لە پۆلێنکردنی ئەندامانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ سێ توێژ: توێژێکی گەورە لە دوای دەرکردنی لێبوردنی گشتی پێشبینیکراو دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران؛ توێژێک کە ئەو توخمانەی تێدایە کە بە "تاوانبار" وەسف کراون، ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئێران دەکرێن؛ و هەندێک سەرکردە دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
لایەنی عێراقی، بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆتا ئامانجی ئەم هەنگاوە کۆتاییهێنانە بە بوونی سەربازی و ڕێکخراوەیی ئەو گروپانە لەسەر خاکی عێراق تا ساڵی 2026، بۆ ئەوەی هیچ کەمپێکی کاتی یان چاودێریکراو لەژێر کۆنترۆڵی ئەو گروپانەدا نەمێنێتەوە.
هەرچەندە تاران تا ئێستا هەڵوێستی فەرمی لەو سەردانەدا دەرنەکردووە، بەڵام داتا مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمەڵە و حیزبەکانی دیموکرات پێشوەختە ئاگاداری ئەو سەردانە بوون، و تەنانەت داوای فەرمییان بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی کردووە.
ئەم سەردانە کە بە کتوپڕ وەسف دەکرێت، نوێنەرایەتی قۆناغێکی چارەنووسسازی ڕێرەوی ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق دەکات و دەرگای گۆڕانکارییەکی گەورە لەنەخشەی ئامادەبوونی سیاسی و سەربازیی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران لە چوارچێوەی کوردستانی عێراقدا دەکاتەوە.
