گرێبەستی نوێی فرۆشتنی سەربازی عێراقی و ئەمریکی بە بەهای 90 ملیۆن دۆلار
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رەزامەندی نیشان داوە لەسەر گرێبەستێکی نوێ بۆ فرۆشتنی کەلوپەل و خزمەتگوزاریی سەربازی بە عێراق، کە بەهایەکەی دەگاتە 90 ملیۆن دۆلار و تایبەتە بە پەرەپێدانی سیستەمە ئەمنییەکانی پشکنین لە دەروازە سنوورییەکاندا.
بە گوێرەی راپۆرتە سەربازییەکانی ( Army Technology )، ئەم گرێبەستە پشتگیریی لۆجستی و تەکنیکی بۆ سیستەمەکانی (VACIS XPL) دابین دەکات، کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ پشکنینی وردی ئۆتۆمبێلەکان بەکاریان دەهێنێت، هەروەها ئەم سیستەمانە توانای ناسینەوە و دۆزینەوەی چەک، تەقەمەنی، ماددەی هۆشبەر و ماددە مەترسیدارەکانی وەک (کیمیایی، بایۆلۆجی و ئەتۆمیان) هەیە.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، پرۆژەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتگوزارییەکانی "چاککردنەوە، دابینکردنی پارچەی یەدەگ، نوێکردنەوەی سۆفتوێر و چاودێریی 24 کاتژمێری" دەگرێتەوە، کۆمپانیای "لايدۆس" ی ئەمریکی وەک لایەنی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کارە ئەندازیارییەکان دەستنیشان کراوە.
لەم بارەیەوە ئاژانسی هاوکاریی ئەمنیی بەرگریی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، ووردەکاری ئەم گرێبەستە بە کۆنگرێس راگەیەندراوە و دیدگای ئەوانیش وایە کە ئەم هەنگاوە تواناکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێستا و داهاتوو بەهێزتر دەکات و هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
