گواستنەوەی زیاتر لە 63 هەزار سوودمەندی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ دامەزراوە حکومییەکان
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دووپاتی کردەوە کە زیاتر لە 63 هەزار سوودمەندی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ دامەزراوە حکومییەکان گواستراونەتەوە، هاوکات وەجبەیەکی نوێی لە پارێزگای زیقار ئاشکرا کرد.
حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەت بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "کۆی گشتی ئەو سوودمەندانەی کە لە دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە بۆ ژمارەیەک دامەزراوە و وەزارەتی حکومی گواستراونەتەوە، تا ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 63 هەزار سوودمەند."
خەوام ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەت وەجبەیەکی نوێی ڕاگەیاندووە کە (279) کەس لە پارێزگای زیقار دەگرێتەوە، کە بە فەرمی گواستراونەتەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ بە شێوەی گرێبەست،" ڕوونیشیکردەوە کە "وەزارەتی ناوخۆ زۆرترین ژمارەی لەو کەسانە وەرگرتووە، بە جۆرێک ژمارەی گواستراوەکان بۆ ئەو وەزارەتە گەیشتووەتە نزیکەی 34 هەزار کەس."
باسی لەوەش کرد، "پڕۆسەی گواستنەوەکە بەردەوامە و ئەگەری زیادبوونی هەیە، چونکە ماوە ماوە ئەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدایە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ناویان تۆمار دەکرێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "دیاریکردنی ناوەکان بەپێی پێوەرەکانی وەزارەتی کار و ئەو مەرجە تایبەتانە دەبێت کە وەزارەتە وەرگرەکان دایانناوە."
وتەبێژی وەزارەت لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "مەرجەکان لە دامەزراوەیەکەوە بۆ دامەزراوەیەکی تر دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە وەزارەتی ناوخۆ مەرجی ئەوەی داناوە کە تەمەنی پێشکەشکار لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵ بێت و بڕوانامەکەی لە ناوەندی کەمتر نەبێت، لە کاتێکدا وەزارەتەکانی تر مەرجی وا دادەنێن کە لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکان و پسپۆڕییەکانیاندا بگونجێت."
