گۆڕان: هەر وەزیرێک لە حکومەت نەکشێتەوە پەیوەندی ڕێکخراوەیی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت
بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بڕیاری کشانەوەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی، بەپیرەوەهاتنی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان، دەرخەری ڕاستی و دروستی ئەم هەڵوێستەیە کە خەڵک دەیەوێت و خەڵکیش خاوەندارێتی دەکات.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، بە پێزانینەوە لە هەڵوێستی جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکان و پارێزگاری سلێمانی دەڕوانین کە لە کۆی شەش پۆستی سیاسی، پێنجیان پابەندیان بە بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەربڕیوە، لەوانە جێگری سەرۆکی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی.
بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، هەر وەزیرێک، بەهەر بیانوو و پاساوێک، بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندی ڕێکخراوەیی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت.
شایەنی ئاماژەیە، گرنگترین پشکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ئەمانەن: وەزیری دارایی و ئابووری کە ئاوات شێخ جەناب لەو پۆستەیە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە کوێستان محەممەد لەو پۆستەیە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کە کەمال موسلیم لەو پۆستەیە، هەروەها وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە دانا عەبدولکەریم لەو پۆستەیە کە (بڕیاری داوە نەکشێتەوە)، لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە موستەفا سەید قادر لەو پۆستەیە لە بزووتنەوەی گۆڕان.
کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دێت کە بڕیارە لە ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و بزووتنەوەکە داوای لێبوردنی لە هەڵکانی کرد و دەڵێت: "دەگەڕێیننەوە سەر ڕێچکەی نەوشیروان مستەفا و بەرەی خەڵک".
