یانەی پاریس سان جێرمان گرێبەستێکی لەگەڵ مارکۆ ئەسێنسیۆ ئەنجامدا
یانەی پاریس سان جێرمان ڕۆژی پێنجشەممە گرێبەستێکی لەگەڵ هێرشبەری ئیسپانی "مارکۆ ئەسێنسیۆ" بۆ ماوەی سێ وەرز ڕاگەیاند تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026 بە گرێبەستێکی خۆڕایی دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید.
ئەسێنسیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "شەرەفێکی گەورەیە کە بەشێک بم لەم یانە جوانە، کە پاریس سان جێرمانە".
وتیشی، بە پەرۆشم بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێ نوێیەکانمدا کار بکەم بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان.
ئەسێنسیۆ دووەم گرێبەستی یانەی پاریسە، دوای ئەوەی یانەکە لەگەڵ بەرگریکاری سلۆڤاکی "میلان سکریتیار" گرێبەستی واژوو کرد، دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەرمیلان.
ئەسێنسیۆی تەمەن 27 ساڵان لە ساڵی 2013 لەگەڵ ڕیال مایۆرکای ئیسپانی یاری کرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 2014 بڕوات بۆ ڕیال مەدرید، لەوێ 286 یاری لە هەموو پێشبڕکێکاندا ئەنجام داوە.
ئەسێنسیۆ لە ماوەی نۆ ساڵدا هەموو خەڵاتەکانی لەگەڵ ڕیال مەدرید بردووەتەوە، 17 نازناوی بەدەستهێناوە، لەوانە 3 نازناوێ خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا، 4 نازناوی جامی جیهانی یانەکان، 3 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، 3 نازناوی لالیگا "خولی ئیسپانی"، 3 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، لەگەڵ یەک نازناوی جامی شای ئیسپانیا.
