یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرە دەبەستێت و بڕیاری بەشداری نەکردنی لە حکومەت هەرێم دا
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرە دەبەستێت و بڕیاری بەشداری نەکردنی لە حکومەت هەرێم دا.
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە كۆبوونەوەی لەشاری هەولێر ئەنجامدا و دوای كۆبوونەوەكە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوكردەوە کە تیایدا هاتووە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا لە هۆڵی (شەهید فوئاد چەلەبی) لە شاری هەولێر بە سەرۆكایەتی هادی عەلی و ئامادەبوونی سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو.
سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی كوردستان و شێوازی ئەنجامدانەكەی و دەرەنجامەكانی، كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەکگرتوو نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر لایەنەكانی دەسەڵات كە جارێكی تر وێڕای بەكارهێنانی سامانی گشتی و دەزگاكانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆیان، بەوەش نەوەستان پەنایان بردە بە چەندین شێوازی گوشارو ساختەكاری و كاری نایاسایی بە مەبەستی كەمكردنەوەی ڕێژەی دەنگ و ژمارەی كورسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و چەند لایەنی تری ئۆپۆزسیۆن، بەو هۆیەوە راستەوخۆ هەر لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان لە لایەن كۆمسیۆنەوە، ئەوەبوو دەزگای هەڵبژاردن و فركسیۆنی یەكگرتوو لە بەغدا راسپێردران بۆ بەدواداچوونی ساختەكاریەكان و كۆكردنەوەی بەڵگەو دیكۆمێنتی پێویست بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵاو تانەدان لە ئەنجامەكان.
هەروەک كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەکگرتوو ئیسلامی جەختی كردەوە لە سەر بڕیاری بەشداری نەكردنی یەكگرتوو لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و درێژەدان بە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان.
سەبارەت بە كۆنگرەی داهاتووی حیزب، كۆبونەوەی سەركردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بڕیاریدا كۆنگرە لەكاتی خۆیدا پێش كۆتایی ئەمساڵی/2024 ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری پێویستی وەرگرت و چەند لیژنەیەكی راسپارد بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكان بۆ گرێدانی كۆنگرەی نۆیەم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.
