یەمەن.. كوژرانی سه‌رۆك وه‌زیران و چەند وه‌زیرێک له هێرشێكی ئیسرائیلی‌دا
ئەمڕۆ شەممە ، چەکدارانی حوسی له یه‌مه‌ن رایگه‌یاند، ئه‌حمه‌د غالب ره‌هەوی، سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كانی له هێرشێكی ئیسرائیلی‌دا كوژراون، ئاماژەیان بەوەکرد رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو لە میانەی ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی حكومەتەكەیان له رۆژئاوای یه‌مه‌ن لەلایەن ئیسرائیلەوە كراونەتە ئامانج.
سه‌رۆكایه‌تی كۆماری سه‌ر به حوسییه‌كان، له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردەوە، "شەهیدبونی ئه‌حمه‌د غالب ره‌هەوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی گۆڕان و بنیاتنان، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له هاوڕێ وه‌زیره‌كانی راده‌گه‌یه‌نین، دوژمنی ئیسرائیلی سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له هاوڕێ وه‌زیره‌كانی كردوه‌ته ئامانج له كۆبونەوەیەكی ئاسایی‌دا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی چالاكی و ئه‌دای حكومه‌ت له ماوه‌ی ساڵێكی كاركردنیدا".
ئاماژەی بەوەشكرد، ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كان به سوكی و هەندێكی دیكە بە سه‌ختی برینداربون و لە ژێر چاودێری پزیشكیدان، جه‌ختیشی كرده‌وه كه داموده‌زگا حكومییه‌كان سه‌ره‌ڕای زیانه‌كان، به‌رده‌وام ده‌بن له كاره‌كانیان، و "خوێنی شه‌هیدان پاڵنه‌ر ده‌بێت بۆ رۆیشتن به هه‌مان رێگه‌دا."
ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه "به‌رده‌وام ده‌بن له بنیاتنانی هێزه چه‌كداره‌كانیان و په‌ره‌پێدانی توانایان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاسته‌نگ و مه‌ترسییه‌كان".
