81 پەرلەمانتاری عێراق واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ راستهوخۆ ناردنی موچهی فهرمانبهران لە بەغداوە
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، نووسراوێک لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە واژۆی 81 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا.
نووسراوەکەدا کە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بڵاویکردووەتەوە باسی دۆخی قورسی بژێویی فەرمانبەرانی کوردستان و چەند مانگ وەرنەگرتنی مووچەکانیان کراوە، تێیدا هاتووە: "بفەرموون فەرمان بدەن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت ئەو دوو وەزارەتە بۆ ئەوەی بابەتی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەپێی رەزامەندیی سەرۆکوەزیران وەکو ئەوەی لە نووسراوی ژمارە(3002/2333426) لە 15ـی تشرینی دووەمی 2023 هاتووە، چارەسەربکرێت.
نووسراوەکە جەخت لە نووسراوێکی پێشتر دەکاتەوە کە تێیدا داواکرابوو هەمان مامەڵەی فەرمانبەرانی حکومەتی ناوەندی لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و مووچەکانیان لە رێگەی بانکەوە و مانگانە بدرێت.
ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە بەشێکیان تێبینییان نووسیوە لەوانە: "فەرمانبەران پەیوەندییان بە ناکۆکیی سیاسییەوە نییە.. بەڵێ بۆ دادپەروەردیکردن لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
