ئاسایشی نیشتمانی بەقاچاخبردنی زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە بەسرە پووچەڵ دەکاتەوە
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، تیمەکانی دەزگاکە بە بڕیاری دادوەر هەڵیانکوتایە سەر گەراجێک لە پارێزگای بەسرە کە بۆ بەقاچاخبردنی سوتەمەنی بەکاردەهات، لەو پرۆسەیە دەستگیرا بەسەر زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر سوتەمەنی، هەروەها 68 کەسیش لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیرکران.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، زانیارییان پێگەیشت لەبارەی بونی گەراجێک لە ناوچەی زوبەیری پارێزگای بەسرە کە بۆ بەقاچاخبردنی سوتەمەنی بەکاردەهێنرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی پارێزگای بەسرە دوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر، چونە سەر شوێنەکە و دەستیان بەسەر 97 تەنکەردا گرت کە بڕی سێ ملیۆن و 492 هەزار لیتر سوتەمەنی تێدا بو و ئامادە دەکرا بۆ بەقاچاخبردن، هەر لەو پرۆسەیشدا 68 کەس دەستگیرکران.
ئەوەشخراوەتەڕو، لە پرۆسەیەکی ئەمنی دیکەدا دەست بەسەر تانکەرێکدا گیرا کە بڕی 45 هەزار لیتر سوتەمەنی تێدابو ئامادەکرابو بۆ ئەوەی بە قاچاخ ببرێتە دەرەوەی وڵات، هەر لەو پڕۆسەیەدا خاوەنی تانکەرەکەش دەستگیرکرا.
