ئالان حه‌مه سه‌عید: یان تاقیكردنه‌وه‌ی نیوه‌ی ساڵ دواده‌خرێت یان ئه‌مساڵ به ساڵی نه‌كه‌وتن ئه‌ژمار ده‌كرێت
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له نوێترین لێدوانی‌دا له‌باره‌ی چاره‌نوسی ئه‌مساڵی خوێندن رایگه‌یاند؛ بایكۆتی مامۆستایان به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا پێده‌چێت ئه‌مساڵی خوێندن به ساڵی نه‌كه‌وتن ئه‌ژمار بكرێت.
ئالان حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانی به‌شداریكردنی له مه‌راسیمی رۆژی ئاڵا له قوتابخانه‌ی نالی بنه‌ڕه‌تی تێكه‌ڵاو له شاری هه‌ولێر رایگه‌یاند؛ ده‌وامی خوێندن له به‌شێكی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان (سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و ئیداره‌ی راپه‌ڕین) به‌هۆی بایكۆتی مامۆستایانه‌وه ده‌ستی پێنه‌كردوه‌ته‌وه.
وتویه‌تی: ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كانی نیوه‌ی ساڵ نزیك بوه‌ته‌وه و ته‌نها چه‌ند رۆژێكی ماوه، گه‌ر دۆخه‌كه به‌مجۆره به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ناچار ده‌بن یان تاقیكردنه‌وه‌كان دوابخه‌ن، یاخود ئه‌مساڵی خوێندن به ساڵی نه‌كه‌وتن ئه‌ژمار بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كراوه كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له گفتوگۆی به‌رده‌وامدایه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته هیچ رێككه‌وتنێك.
