ئەدهەم بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانیە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران
ئەدهەم بارزانی لە چەند شاری رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ چەکدارە کوردەکانی سەر بە رژێمی ئێران کۆبووەتەوەو هەوڵی راکێشانیان بۆ ناو حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕی کوردستان دەدات کە لە هەرێمی کوردستان دایمەزراندووە.
بەگوێرەی ئاژانسی (رۆژهەڵات نیوز)، ئەدهەم بارزانی لە هەفتەی رابردوودا لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری کوردی سەر بە رژێمی ئێران کۆبووەتەوەو داوای لێکردوون کە هاوکاری حیزبولڵای کوردستان بکەن، کە لە هەرێمی کوردستان دایمەزراندووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەدهەم بارزانی لە دوو مانگی رابردوودا بەهەمان مەبەست لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری کوردی رژێمی ئێران لە شارەکانی مەریوان و شنۆ کۆبووەتەوە.،لەهەموو کۆبوونەوەکانیش ئەدهەم بارزانی پێی راگەیاندوون کە دەتوانن ئەندام و چەکدارەکانی حیزبووڵڵای کوردستان لەهەردوو دیوی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵ بکەن و هێزێکی هاوبەش پێکبهێنن.
حیزبولڵای شۆڕشگێڕی کوردستان...
ڕۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، گرووپی چەکداری حیزبولڵای شۆڕشگێڕی کوردستان دامەزراندنی ڕاگەیاند، حیزبولڵای شۆڕشگێڕی کوردستان لە بەیاننامەی دامەزراندی بڵاویکردۆتەوە، الحمدلله رب العالمین، والصلاة والسلام علی سیدنا محمد و آله و صحبه اجمعین، پاش زۆر بوونی تاوان و دژایەتی ڕژێمی زایۆنی ئیسڕائیل دژ بە مەزڵوومان و موسڵمانان و نیشانە پیرۆزەکانی ئیسلام، بەتایبەتی مزگەوتی ئەلئەقسا و خاکە دەست بەسەر گیراوەکانی جۆلان، وە بە بەرزبونەوەی کردەوە پیلانگێڕیەکانی ئەم ڕێژیمە غاسبە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق، گروپێک لە لاوەکان و جیهادیەکان بە بڕوای دینی و ئەرکی خۆیان، ڕەوشی دامەزراندنی "حیزب اللهی شۆڕشی کوردستان" یان دانا.
ئامانجی دامەزراندنی ئەم گروپە ئامانجێکی جیهادی و عەقیدەتیە، وەک وڵامدانەوەیەک هەمبەر ڕەوشە دژبەرانەو پڕۆژە خیانەتکارانەی زایۆنیەکان و هاوپەیمانانیان بەرامبەر بە موسڵمانان لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان.
حیزبولڵای شۆڕشگێڕی کوردستان دەشڵێت: ئێمە پەیمان ئەدەین لەمەودوا هەر شەخسێک یان گروپێک هەوادار و پشتیوانی ئەم ڕژیمە داگیرکەرە بێت، یان هاوکاریان لەگەڵدا بکات، یان بە هەر شێوەیەک دژ بە موسوڵمانان پەیوەندی لەگەڵیان هەبێت دەبێتە ئامانجی جواب دانەوەی ئەم حزبە جیهادیە.
ئێمە بڕیار ئەدەین کە هەر شەخسێک یان گروپێک لە ڕژیمی زایۆنی ئیسڕاییل یان هاوکارەکانی کە لە خوێنڕشتنی موسڵمانان دەستی هەبێت بە سزای خۆیان دەگەن لە لایەن ئێمەوە.
"حیزب اللهی شۆڕشگێڕی کوردستان" بە شێوەیەکی سەربەخۆ، ناونەناس، جیهادی تێدەکۆشێت سەبارەت بە هەمو پیرۆزیەکانی ئیسلام، کڕامەت و مافی ڕەوای موسۆڵمانان و خەباتی بێ پسانەوەی خۆی بەرامبەر ڕێژیمی جنایەتکاری ئیسڕاییل و هەمو هاوپەیمانانی درێژە دەدات.
ئەمە ڕێگەی ئێمەیە و تا کاتێک عەداڵەت جێبەجێ بکەین و زوڵم کۆتایی پێبهێنرێت، هەمو کات بەرەو پێش دەڕوین، هەروەک حیزبەکە ڕایگەیاندووە.
