ئەردۆغان لەكۆبونەوەیدا لەگەڵ شەرع: دەبێت هەسەدە پابەندی رێككەوتنەكەی 10ی ئازار بێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەكۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتیی سوریا رایگەیاند، دەبێت هەسەدە پابەندی رێككەوتنەكەی 10ی ئازار بێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەراوێزی كۆبونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە نیویۆرك، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتیی سوریا كۆبوەتەوەو تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و چەند دۆسیەیەكی ناوچەكەیان كردوە.
ئەردۆغان لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی، توركیا خوازیارە تەواوی سزاكانی سەر سوریا لە نزیكترین كاتدا هەڵبگیرێن.
هەروەها سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنقەرە بەئەرێنییەوە لە هەمو ئەو دەستپێشخەرییانە دەڕوانێت كە پاڵپشتی لە یەكپارچیەكی خاكی سوریاو سەروەریی ئەو وڵاتە دەكەن.
بەقسەی ئەردۆغان، هەسەدە تەنیا بریتییە لە یەپەگە و پەكەكەو جەختیشی كردۆتەوە كە "دەبێت هەسەدە پابەندیی رێككەوتنەكەی 10ی ئازار بێت لەگەڵ دیمەشق."
وتوشیەتی، توركیا لەنزیكەوە چاودێری پێشهاتەكانی ناوچەكە دەكات و پشتیوانییەكانیشی بۆ سوریا بەشێوەیەكی زیاتر بەردەوام دەبن.
