ئەردۆغان: نابێت ڕێگە بدەین تاوانەکانی غەززە ببێتە جەنگێکی ناوچەیی
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "نابێت ڕێگە بدەین تاوانەکانی غەززە ببێتە جەنگێکی ناوچەیی کە سووریاش بگرێتەوە".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ٤٤هەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تێدا ڕەخنەی لە سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی ئیسرائیل گرت.
ئەردۆغان لە سەرەتای وتارەکەیدا بانگەوازی لە وەبەرهێنانی بیانی کرد کە متمانە بە ئابورری تورکیا بکەن و بەشداری تێدا بکەن و گوتی: "تورکیا بەردەوامە لەسەر پاراستنی ناوچەیەکی جێی متمانەی سەرمایەگوزاری نێودەوڵەتی. ئامادەی هەموو هاوکارییەکی ئەو برایانەین کە متمانەیان بە ئابووری تورک هەیە".
دواتر سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لە پێکدادانەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل کرد و گوتی: "حکوومەتی ناتانیاهو بۆ درێژەپێدان بە تەمەنی سیاسی خۆی، هەموو ئاییندە و ئاسایشی ناوچەکەمانی ڕووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە".
وتیشی: "ئەرکی پێشینەمان دەستبەجێ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گەیاندنی بێ پسانەوەی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ غەززە".
ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە، "کوشتنی ١٧ هەزار فەڵەستینی بێ تاوان کە زۆربەیان ژن و منداڵن، تاوانی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگە. لەم تاوانانەی ئیسرائیل نابێ خۆش بین. نابێت ڕێگە بدەین تاوانەکانی غەززە ببێتە جەنگێکی ناوچەیی کە سووریاش بگرێتەوە".
