ئەردۆگان لەبارەی دۆخی فەڵەستینەوە نامەیەکی ئاراستەی پاپا فرانسیس کرد
سەرۆککۆماری تورکیا لە نامەیەکیدا بۆ پاپا فرانسیس نووسیویەتی: نابێت مرۆڤایەتی رێگە بە پێشێلکردنی زیاتری یاسا نێودەوڵەتییەکان بدات.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆخی فەلەستین نامەیەکی ئاراستەی پاپا فرانسیس، پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان کردووە، تێیدا نووسیویەتی "نابێت مرۆڤایەتی رێگە بە پێشێلکردنی زیاتری یاسا نێودەوڵەتییەکان بدات."
ئەردۆغان دەڵێت "پێویستە مرۆڤایەتی دەنگی خۆی دژ بە بۆردوومانی نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسەکان هەڵبڕێت. لە دۆخی جەنگیشدا، نابێت دەست بۆ ئەو شوێنانە ببەن."
لە نامەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها جەختیکردووەتەوە لەوەی تا ئەو کاتەی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی نایەت.
