ئەمریکا ... کوژرانی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل
لە ئاکامی هێرشێکی چەکدارییدا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، دوو کەس کە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتۆن کاریان دەکرد، کوژران.
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، کریستی نۆیم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بڵاویکردەوە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نزیک مۆزەخانەی یەهودی لە واشنتۆن بە شێوەیەکی بێ مانا کوژراون
نۆیم باسی لەوە کرد کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کراوە و، ڕایگەیاند: "ئەو بکەرە بێڕەوشتە ڕادەستی یاسا دەکەین".
بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای)، کاش پاتێل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس، ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشە چەکدارییەکە لە نزیک نووسینگەی مەیدانی ئێف بی ئای لە واشنتۆن ڕوویداوە.
پاتێل باسی لەوە کرد کە لەگەڵ پۆلیس بەیەکەوە کار دەکەن و، بەردەوام دەبن لە ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیی.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سەبارەت بە هێرشە چەکدارییەکە ڕایگەیاند: "کینە و توندڕەوی لە ئەمریکا جێگەیان نابێتەوە" و، سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانەش کرد کە لە هێرشەکەدا کوژراون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتۆن میترۆپۆلیتان پامیلا ئەی. سمیس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ناسنامەی ئەنجامدەری هێرشەکەی بڵاوکردەوە کە کەسێکە بە ناوی ئیلیاس ڕۆدریگێز و تەمەنی ٣٠ ساڵە.
