ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان: لە ئەگەری فراوانتربوونی شەڕی غەززە، دانیشتوانی باکوری ئیسرائیل پارێزراو نابن
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی هەینی، 5ی مانگی یەک، لە وتارێکدا ڕایگەیاند ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت ئامانجە سەربازییەکانی لە غەززە بەدەستبهێنێت، ئەوا دواتر ڕوو لە لوبنان دەکات، بەڵام هۆشداریدا لەوەی هەر شەڕێکی فراوانتر سەرەتا کاریگەری لەسەر دانیشتوانی باکووری قەوارەی ئیسرائیل دەبێت.
حەسەن نەسڕوڵڵا کە بۆ دووەم جارە لەم هەفتەیەدا وتارێکی تەلەفزیۆنی پێشکەش دەکات، گوتی ئەگەر حزبوڵڵا کاردانەوەی بەرامبەر بە تیرۆرکردنی ساڵح ئەلعاروری، جێگری نووسینگەی سیاسی حەماس لە بەیرووت نەبێت، ئەوا هەموو لوبنان دەکەوێتە مەترسییەوە.
وتیشی حیزبەکەی "ناتوانێت بێدەنگ بێت بەرامبەر پێشێلکارییەکی لەم ئاستەدا، چونکە ئەوە مانای ئەوەیە هەموو لوبنان بەر ئەو جۆرە هێرشانە دەکەوێت، هەموو شار و گوندەکان و کەسایەتییەکان بەر ئەو هێرشانە دەکەون ."
نەسڕوڵڵا هەروەها لە وتارەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد ئەو گرووپە لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نزیکەی 670 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ئەنجامداوە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانکی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە.
ناوبراو هەروەها لە وتارێکی دیکە کە ڕۆژی چوارشەممە پێشکەشی کردبوو، هۆشداری دابووە ئیسرائیل لە فراوانکردنی شەڕەکە و ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئیسرائیل هەڵبژێرێت شەڕ بۆ سەر لوبنان دەستپێبکات، ئەوا گرووپەکەی هیچ یاسا و رێسایەک لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لەبەرچاو ناگرێت.
وتیشی "هەر کەسێک بیر لە شەڕ لەگەڵ ئێمە بکاتەوە ، بە یەک وشە دەڵێم، پەشیمان دەبێتەوە."
نەسڕوڵڵا هەروەها وتبوی کە ئۆپەراسیۆنی حزبوڵڵا لە باشوری لوبنان دژی ئیسرائیل دەرفەتێکی مێژووییە بۆ لوبنان بۆ ڕزگارکردنی ئەو زەویانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراون.
ڕێبەری حزبوڵڵا ئاماژەی بەوەشکردووە گروپە بە وەکالەتەکانی ئێران لە عێراق کە بە بەرەی "بەرخۆدانی ئیسلامی عێراق" ناوی بردوون، دەرفەتێکی مێژوویییان لەبەردەمە بۆ ڕزگاربوون لە ئامادەبوونی ئەمەریکا لە عێراق.
