ئەمینداری یەكگرتووی جەختی کردەوە کە بەرپرسان خۆیان لە قەیرانەكان بێ ئاگا دەكەن
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی جەختی کردەوە کە بەرپرسانی هەرێم خۆیان لە قەیرانەكان بێ ئاگا دەكەن.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لەمیانەی كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە كادری باڵای ڕێكخستنەكانی یەكگرتوو لە شاری سلێمانی، سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند: "بەرپرسانی هەرێمی كوردستان خۆیان لە قەیرانەكان بێ ئاگا دەكەن و ئەو بارودۆخەی كە ئێستا هاوڵاتیانی تێكەوتووە جێگای هەڵوێستە و پێداچونەوەی جدیە و پێویستە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بەرپرسانە كار بكات لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی ڕیشەیی بەشێوەیەك كە ناكۆكیە سیاسیەكان كار لە مووچەو بژێوی هاوڵاتیانی هەرێم نەكات".
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو وتیشی: كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری نوێیە و مێژوو سەلماندویەتی هیچ گەل و نەتەوەیەك بەزەبری هێز لەناو نابرێت، جارێكی دیكە داوای چارەسەری كێشەكان بە شێوەی ئاشتیانە دەكەین و ئیدانەی ئەو توندو تیژیانە دەكەین كە بەرانبەر خەڵكی بێتاوان ئەنجام دەدرێت لەم سیاقەدا ستەمێكی كۆمەڵكوژی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر خەڵكی غەززە نیشانەی شكست و پوچەڵی ئەو ڕژێمەیە".
