ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو پشتیوانی خۆی لە مافی گەلی فەلەستین دووپاتکردەوە
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو پشتیوانی خۆی لە مافی گەلی فەلەستین بۆ بەرگریكردن لە خۆیان و پیرۆزیەكانی موسڵمانان بە تایبەتی مزگەوتی ئەقسای پیرۆز دەکات.
ڕۆژی هەینی، بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بڵاوکرایەوە و هاتووە، "ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە سەرۆكایەتی د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بە ئامادەبوونی مامۆستا سەڵاحەدین مەحەممد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و د. محەممەد ئەحمەد سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا".
هاتووەش، لە كۆبونەوەكەدا تیشك خرایە سەر باروخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی بەتایبەتی باری خراپی بژێوی موچە خۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و جەختكرایەوە لەسەر گرنگی ئەو كێشەیە بە زوترین كات لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق، بەشێوەیەك موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق لە كاتی خۆیدا موچەكانیان بەدەست بگات و میكانزم و رێ و شوێنی پێویستی بۆ بگیرێتە بەر بەدوور لە ململانێ و ناكۆكیە سیاسیەكان.
هەر لەوبوارەدا سەركردایەتی یەكگرتوو بە پێویستی دەزانێت حكومەتی كاربەرێكەری هەرێم كێشەی فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژ و خۆبەخش و گرێبەستەكان چارەسەر بكات بۆ ئەوەی دۆخی ئاسایی و دەوامی رۆژانە بگەرێتەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن و نەخۆشخانەكان و سەرجەم فەرمانگە حكومیەكان لە هەموو شار و شارۆچكەكانی ناوچەكانی هەرێم.
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئەوە ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی سەركردایەتی بە پێویستی دەزانێت كە ئەو هەڵبژاردنە چارەنووسسازە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دوور لە ساختەكاری و دەستتێوەردان ئەنجام بدرێت و هەرچی زووترە كۆتایی بهێنرێت بەو بۆشاییە دەستووریەی روویكردۆتە سیستەمی سیاسی هەرێم.
هەر لەو بارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختیكردەوە لەسەر هەڵوێستی راگەیەنراوی خۆی بۆ پێكهێنانی چوارچێوەیەكی نیشتمانی لەگەڵ لایەنە ناڕازیەكانی دەرەوەی دەسەڵات، بۆ ئەو مەبەستەش یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و هاریكاری هاوبەش لەو پێناوەدا.
لە تەوەریەكی تردا كۆبوونەوەی سەركردایەتی هەڵوێستی لەسەر شەڕ و ئاڵۆزیەكانی ئەم رۆژانەی نێوان بزوتنەوەی حەماس و رژێمی ئێسرائیلی دەربڕی و جەختی كردەوە لەسەر پشتیوانی خۆی لە مافی رەوای گەلی فەلەستین بۆ بەرگریكردن لە خۆیان و پیرۆزیەكانی موسڵمانان بە تایبەتی مزگەوتی ئەقسا كە ئەركێكی ئاینی و شەرعیە و روودەكاتە سەرجەم موسڵمانان، هاوكات هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی راگەیاند بۆ دانیشتوانی كەرتی غەززە كە لە ژێر دڕندانەترین گەمارۆ و بۆردومانی ئاسمانیدان، ئەوەش ئەركێكی ئینسانی و ئەخلاقیە و روودەكاتە هەموو گەلانی جیهان، هەروەک چۆن لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.
هەروەها جەختکراوە، که لەو بارەیەوە سەركردایەتی یەكگرتوو بە پێویستی دەزانێت كە دەوڵەتانی ناوچەكە كێشە و ناكۆییە ناوخۆییەكان بە رێگای سیاسی چارەسەربكەن و كۆتایی بهێنن بە پەنابردن بۆ هێز و توندوتیژی و وێرانكاری بە تایبەتی بەرامبەر گەلی كورد لە پارچەكانی كوردستان.
لە كۆتایی دا كۆبوونەوەی سەركردایەتی جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هەمیشە بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئیسلامی خۆی، هاوكات داكۆكیكردن لە خواست و خەمەكانی چین و توێژەكانی خەڵكی هەرێم بە گشتی بە ئەركی لە پێشینەی خۆی دادەنێت و هەموو هەوڵ و تواناكانیشی لەو پێناوەدا بەكاردەهێنێت.
