ئەنجومەنی نوێنەران: داوا لەحکومەت دەکەین پەلە بکەن لە راگرتنی ئەوپێشێلکارییانەی ئێران
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، شەوی رابردوو چەند شوێنێکی پارێزگای هەولێر بووە ئامانجی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران، ئێمە لەبەرامبەردا ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییانە دەکەین، کە بەداخەوە ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیلی بێتاوان کە ژن و منداڵیان تێدایە بوونە قوربانی.
هەر لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا لە حکومەتی فیدراڵی و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەکەین پەلە بکەن و دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە و پاراستنی سەروەری عێراق و دووبارە نەکردنەوەی ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێمە وەک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، فەرمانمان بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی ئاسایش و بەرگری و کاروباری دەرەوە کرد بۆ زانینی وردەکارییەکانی هێرشەکە و ئەو زیان و گیان لەدەستدانانەی کە بە خەڵکی مەدەنی گەیشتووە.
