بارزانی: شەڕەکانی کورد هەمیشە دژی ستەم بووە نەک دژی نەتەوەکان
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لە پاڵپشتی هەولێر بۆ کادرانی پزیشکی و چالاکییە تەندروستییەکان کردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە شەڕەکانی کورد هەمیشە دژی ستەم بووە نەک دژی نەتەوەکان.
بارزانی لە وتارێکدا لە میانی چالاکییەکانی یازدەهەمین کۆنفرانسی تەندروستی لە هەولێر، کەئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: دڵ و دەرگای هەولێر بۆ پزیشکان و بۆ ئەم جۆرە چالاکییانە کراوەیە، ئاماژەی بەوەش کرد بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکان لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە، جێگەی ئومێد و شانازییە بۆمان.
وتیشی: ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت، تاکی کورد لە کەسانی تر کەمتر نییە، چەندین مامۆستا و زانای گەورەیان لێ هەڵکەوتووە و ئێمە شانازییان پێوە دەکەین.
سەبارەت بە ڕووداوەکانی سووریا، بارزانی جەختی کردەوە: کارەساتێکی گەورە لە لێواری ڕوودان بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد لە درێژایی مێژوودا، کورد دەسپێشخەری هیچ شەڕێکی نەکردووە، بەڵکو شەڕەکانی هەمیشە دژی ستەم بووە، نەک دژی نەتەوەکان.
بەردەوام بوو و وتی: ئەمجارە بارودۆخەکە جیاواز بوو لە ساڵی ٢٠١٤، چونکە پێویست بوو ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە و جەخت لەوە بکرێتەوە کە شەڕەکە شەڕی کورد و عەرەب نییە، بەڵام دەکرا شتی خراپتر ڕووبدات.
