بارزانی ماڵئاوایی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا دەکات و دووپاتی دەکاتەوە: شەراکەتێکی ڕاستەقینە و دەستوورێکی جێبەجێکراومان دەوێت
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، شتێكی زیاتریان لەوە داوا نەكردوە كە لە دەستوری عێراقدا دیاری كراوە بۆ كورد، بەڵام بە کەمتریش رازی نابن کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە. دەشڵێت، "تێگەیشتێنی باشترمان لەگەڵ یەكێتی هەیە و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت".
بارەگای بارزانی ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە كریستیەن هۆهمەن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد و لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەڵمانیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی بارزانی کردبو و ئاڵبێرت ڤۆن ویتكێ کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامادەیی بو.
مەسعود بازرانی لەمیانەی كۆبونەوەكەدا، سوپاسی ڕۆڵی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان. لەبارەی بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداشەوە دەڵێت، "گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت".
دەشڵێت، "ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردوە، بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە".
لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، مەسعود بازرانی باسی لەوەكردوە، دوای کۆبونەوەی هەردو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارن پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا، پشتیوانی وڵاتەكەی و وڵاتانی ئەوروپای بۆ پێگەی دەستوریی قەوارەی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بونی ژمارەیەکی بەرچاوی کونسوڵخانە لە هەرێم پەیامێکە کە دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزگاری و بەرگری لێبکرێت.
