بارزانی پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و دەم پارتی بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ هەینی، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی و سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکردەوە و کۆبونەوەکەی "ئەرێنی و ئومێدبەخش " وێنەکرد.
مەسعود بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ( ئێکس )پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکردەوە.
بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی و سەرۆک ئەردۆغان هەنگاوێکی ئیجابی و ئومێدبەخشە بۆ چارەسەری کێشەکان. هەروەها پاڵنەرێکی بەهێزیشە بۆ پێشڤەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا."
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان لە دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، رۆژی پێنجشەممە 10ی نیسانی 2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

