بافڵ تاڵەبانی لە واشنتۆن لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە
نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەكە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتۆن لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەكێتی ئامادەیبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.
وەک لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پرسی هەڵبژاردن، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی وردیان لەبارەوەكرا و جەخت لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد كرایەوە بەشێوەیەک كە ببێتە مایەی سەقامگیری و گەشەكردنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی: "پێویستە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك بێت، دیموكراسی بباتە ئاستێكی باڵاتر و گۆڕانكاری لەپرۆسەی حوکمڕانیدا بهێنێتە ئاراوە".
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردولا هاوڕابوون كۆتایی بە ناكۆكییەكان بهێنرێت، كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور چارەسەربكرێن و هاوبەشیی راستەقینە لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیڕەوبكرێت.
