بانکی نێودەوڵەتی: ئامادەین لەگەڵ عێراق بوەستین لە ڕێنێسانسی گەشەپێدانی لە هەموو بوارەکاندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە جێگری سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە جێگری سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا عوسمان دایون و شاندی یاوەری.
وتیشی شاندەکەی بانکی نێودەوڵەتی ئەو پرۆژانەیان خستەڕوو کە لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لە کەرتەکانی شەمەندەفەر و ڕێگاوبان و وزە و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، لەوانە سەکۆی غازی جێگیر لەبەندەری فاو و پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ ساڵانی داهاتوو لەبواری فراوانکردنی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا و پڕۆژەکانی دیکەی ژێرخان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەپێی ڕاگەیەندراوەکە هەوڵەکانی بانکی جیهانی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق بەرزنرخاند و جەختی لەسەر گرنگی ئەو پڕۆژانەی کەرتی تایبەت کردەوە کە بانکەکە لە ڕێگەی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتیەوە (IFC) پاڵپشتی دەکات.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی شاندەکە ئامادەیی بانکی جیهانی دەربڕی بۆ پشتیوانی کردنی عێراق لەبوژاندنەوەی گەشەپێدان لەهەموو بوارەکاندا، هەروەها ئامادەیی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری لە دارایی کردنی پڕۆژەکان بە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەتیشەوە.
