بەرشەلۆنە لە ناپۆلی بردەوە و گەیشتە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ
لە قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ، بەرشەلۆنە لە یاریگای خۆیدا میوانداری ناپۆلی کرد.
لە گێمی یەکەم بەرشەلۆنە بە بەهێزی دەستپێکرد و هێزی خۆیان نیشاندا کاتێک لە خولەکەکانی 15 و 17 دوو گۆڵیان لەڕێی یاریزانان فێرمین لۆپێز و کانسیلۆوە تۆمارکرد، پاش ئەو دوو گۆڵە کوڕانی ناپۆلی تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی یارییەکەیان کرد و لە خولەکی 30 ئەمیر ڕەحمانی جیاوازیەکەی کەمکردەوە و ئەو تایمەش بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی بەرشەلۆنە کۆتایی پێهات.
لە گێمی دووەم ناپۆلیەکان زیاتر دەهاتنە پێشەوە بەڵام هێرشەکانی بەرشەلۆنە مەترسیدارتر بوون، یارییەکە لەو تایمەدا بەبێ گۆڵ درێژەی کێشا تا کۆتا خولەکەکان، بەڵام لە خولەکی 84 ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵی سێیەم و دڵنیایی بۆ بەرشەلۆنە تۆمارکرد و سەرەنجام یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی بەرشەلۆنە کۆتایی پێهات.
بە ئەنجامی هەردوو یارییەکەش بەرشەلۆنە گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و ناپۆلیش ماڵئاوایکرد.
