بەشی سێیەمى پارەى گەنمى جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٥ خەرجکرا
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، بەشی سێیەمى پارەى گەنمى جوتیارانى خەرج کرد بۆ ساڵی ٢٠٢٥، کە بڕەکەى ٥٠٠ ملیار دینارە و دەشڵێت، ئەم رێوشوێنە لە چوارچێوەی پابەندبوونی وەزارەت دێت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردەوە، دەستیکرد بە خەرجکردنی ٥٠٠ ملیار دینار وەکو خەرجکردنی قیستی سێیەمی باجی جوتیاران بۆ بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێوشوێنە لە چوارچێوەی پابەندبوونی وەزارەت دێت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی نەختینەیی کە سەقامگیری بارودۆخی جوتیاران مسۆگەر دەکات و هانیان دەدات بەردەوام بن لە چاندنی بەروبوومی ستراتیژی.
باسی لەوەشکرد، وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە لە چاودێریکردنی رێکارەکانی خەرجکردن بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی باجەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک و خێرا.
