بەهۆی نووسینی زانیاری هەڵە لە سیڤییەكانیاندا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان 14 كاندید دووردەخاتەوە
بەهۆی نووسینی زانیاری هەڵە لە سیڤییەكانیاندا سەبارەت بە ئاستی خوێندن و بڕوانامەكانیان كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق 14 كاندید دووردەخاتەوە.
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند:" كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق زۆر بە وردی چاودێری و بەدواداچوون بۆ لیست و كاندیدەكان دەكات."
هاوكات ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئێستا لە سیڤی چەند كاندیدێكدا نووسراوە كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەیە، دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت ڕاست نییە، ئێستا داوای گۆڕینی كاندیدەكانمان لە سەرۆكی لیستەكان كردووە بۆ كاندیدی خاوەن بڕوانامەی ئاست بەرز."
لە لایەكی ترەوە، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی 14 كاندیدی لیستی پارتی قودرە لە هەڵبژاردن لە سنووری بازنەی بەغدا.
بەپێی بڕیارەكە:"هۆكاری دوورخستنەوەی ئەو كاندیدانە ئەوەیە كە پارتەكەیان واتە پارتی قودرە ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردن بكات و ناوی لە كاغەزی بەرایی دەنگدان لەو پارێزگایە سڕاوەتەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو:" 10كاندیدی دیکە لە لەلیستی تەعاهودی وەتەنی و10 كاندید لە لیستی هاوپەیمانی بەدیل دوورخراونەتەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە،رۆژی 9ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی 11ـی 2025ـی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریكرد.
