تاران بە نیازە داوای لیستێکی کەسایەتی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە بەغدا بکات
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان ڕۆژی سێشەممە (19ـی ئەیلولی 2023) بەرەوپێشچوونی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراقیان ئاشکرا کرد بەرامبەر به حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا، سەرچاوەیەک بە ئاژانسی "موتەڵع"ـی ڕاگەیاند: "تاران بە نیازە داوا لە بەغدا و هەولێر بکات لیستێکی ناو و کەسایەتی گرنگ و کاریگەر لە نێو حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بدرێتە تاران بە مەبەستی دادگاییکردنیان"، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "تاران ئەو کەسانە بە پلان دانەر و ئەنجامدانی چەندین چالاکی چەکداری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تۆمەتبار دەکات، کە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوون لە ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و هاوڵاتیانی مەدەنیدا، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەو ژمارەیە لە هەرێمی کوردستان و سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدایە و جار جار لەناو خاکی عێراقدا چالاکییەکانیان ڕێکدەخەن"، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێران دۆسیەی دەیان کەس لە سەرکردەو ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی بە مەبەستی ڕادەستکردنیان بە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری عێراق و بە مەبەستی هێنانەوەیان بۆ ئێران و دادگاییکردنیان ڕادەست دەکات.
