تورکمانستان رۆژانە بڕی ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا لە گازی سروشتی دەداتە بەغدا
بۆ خێراکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستی هاوردەی گاز بۆ عێراق، وەزیری کارەبا گەیشتە تورکمانستان. و بەپێی رێککەوتنەکەش تورکمانستان رۆژانە بڕی ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا لە گازی سروشتی دەداتە بەغدا، ئەو بڕەش ٦٠٪ـی پێداویستی وێستگەکانی کارەبای عێراق کە پشتی بەستووە بە گاز دابیندەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٥، نووسینگەى راگەیاندنی وەزیری کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، زیاد فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق گەیشتە تورکمانستان بە مەبەستی خێراکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستی هاوردەی گازە لە نێوان هەردوو وڵات.
گرێبەستی هاوردەی گاز لە تورکمانستانەوە لە ١٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە واژۆکراوە ئەوەش بەئامانجی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە لە وڵات و چارەسەری کێشەی کارەبا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە کە تاوەکو ئێستا نەکەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، تورکمانستان رۆژانە بڕی ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا لە گازی سروشتی دەداتە بەغدا، ئەو بڕەش ٦٠٪ـی پێداویستی وێستگەکانی کارەبای عێراق کە پشتی بەستووە بە گاز دابیندەکات، بەتایبەتی لە حاڵەتی وەستانی هاوردەی گازی ئێران، هاوکات کۆمپانیای لۆکستۆنی ئێنرجی سویسری بەرپرسیارێتی و ئەرکی گواستنەوەی گازەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
