تورکیا گرێبەستی دابینکردنی وزە بۆ سوپای ئیسرائیل درێژکردووە
ماڵپەڕی "ئۆرشەلیم پۆست"ـی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ یەکشەممە بەاویکردووتەوە، سەرەڕای بایکۆتکردنی کاڵای ئیسرائیلی و هەڕەشەکانی لەشکرکێشی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە، وەزارەتی بەرگری گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای دۆراد ئینێرجی تورکی درێژکردەوە کە وێستگەیەکی کارەبایە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ بنکەکانی IDF.
ماڵپەڕەکە ڕاشیگەیاندووە، بەپێى ڕێککەوتنەکە بێت ئەو کۆمپانیایە تورکیە لە شاری ئەشقەلۆن لە ئیسرائیل کار دەکات و وزە بۆ سوپای وڵاتی ئیسرائیل دابین دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل بەردەوامە لە پێدانی پارە بە کۆمپانیای زورلو هۆڵدینگ کە کۆمپانیایەکی تورکیە لە ساڵی 2004ـەوە کارەبای بۆ ئیسرائیل و وەزارەتی بەرگری دابینکردووە، هەروەها کۆمپانیاکە لەلایەن ئەحمەد نازیف زۆرلو بەڕێوەدەبرێت و کەسێکى نزیکە لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە.
پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی هەناردەکردن و هاوردەکردنی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیلدا ڕاگرتووە، لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوە ئیسرائیل دژی بڕیارەکەی ئەردۆغان ڕایگەیاند کە ئیسرائیل تەسلیمی زەوتکردن و هەڕەشەکانی ئەردۆغان نابێت، ئابووری ئیسرائیل بەهێزترە لە دیکتاتۆرێکی وەک ئەردۆغان کە ڕێکەوتنەکان پێشێل دەکات و لە خزمەتی حەماسدا مامەڵە دەکات.
