تێکشکانی کەشتیەکی رووسی لە لایەن سوپای ئۆکرایناوە
سوپای ئۆکراینا دەڵێت، "بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کەشتییەکی گەورەی جەنگیی رووسیمان لە دەریای رەش ژێرئاو خست". هەواڵەکە لە لایەن رووسیاوە نە پشتڕاستکراوەتەوە و نە رەتکراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 14-02-2024، ئاژانسی هەواڵگریی سەربازی و هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، "لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە درۆنی دەریایی هێرشمان کردە سەر کەشتییەکی جەنگیی رووسیا لە کەناراوەکانی کریمیای داگیرکراو، لە ئەنجامدا کەشتییەکە ژێرئاو کەوت".
تائێستا کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا-کرێملین و سوپای رووسیا هیچ لێدوان و پشتڕاستکردنەوەیەکیان بۆ ئەم هەواڵە نییە. راگەیێندراوەکەی سوپای ئۆکراینا لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا لەگەڵ یەکەی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری، هێرشیانکردە سەر کەشتیی 'سیزار کونیکۆڤ'ـی جەنگی"
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکانی سوپای ئۆکراینا، کەشتییەکە لە نزیک شارۆچکەی ئاڵوپکا ژێرئاو کەوتووە کە نزیکە لە باشووری کریمیا کە لە ساڵی 2014 رووسیا خستیە ژێر دەسەڵاتی.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا دەڵێت، "گومان دەکرا کەشتییەکە بارێکی زۆری چەکی هەڵگرتبێت، چونکە پێش هێرشەکە، کەشتییە جەنگییەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسیا کەلوپەلی سەربازی بۆ باردەکرا".
لەگەڵ بڵاوکراوەکەی تەلەگرام، هەواڵگرییەکە چەند وێنەیەکی کەشتییەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بەو جۆرە دەبیندرێت تەقینەوەیەکی لەسەر روویداوە و چەند درۆنێکیش لە وێنەکان دەردەکەون.
هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا هەروەها دەڵێت، "سیزار کونیکۆڤ [ناسراو بە پرۆجێکت 775] نوێترین کەشتیی رووسیا بوو. کەشتییەکە لە شەڕەکانی جۆرجیا، سووریا و ئۆکراینا سوودی لێ وەرگیرابوو."
دیمیترۆ پلێتێنچوک، گوتەبێژی هێزی دەریایی ئۆکراینا دەڵێت، "رووسیا هێشتا پێنج کەشتیی گەورەی جەنگی لە دەریای رەشدا ماوە".
