جوتیار عادل: بەمنزیکانە لەبارەی چەند پرسێک شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات
سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان لە كۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێشبینی دەكرێت لەو ماوەیەدا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە.
جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: " گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، پێشبینییش دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجە، مووچە، نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن."
وتیشی: ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە، كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە و لە ماوەی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەكانی جێبەجێ كردووە؛ گرنگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بكرێت.
باسی لەوەشکرد: "ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی رادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت". ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە."
جوتیار عادل رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاوەكو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت. بۆ ئەو مەبەستە حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و رێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان گشتاندووە.
