حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت
لیژنەی ئاسایشی عێراق: حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و عێراقیش داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتی له تاران كردووە.
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیكردەوه له ڕێککەوتنی ئاسایشی نێوان عێراق و ئێران، سەبارەت بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
وەعد قەدۆ ئەندامی لیژنەكە له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی "موتەڵع" ڕایگەیاند: "دۆسیەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە و لە مێژەوەیە و حکومەتی عێراقی زۆر شەرمەزار کردووە، بەهۆی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەکارنەهێنانی خاکی هەردوو وڵات بۆ هێرشکردنە سەر ئەوی دیکە، لەسەر ئەم پرسەش ڕێککەوتنێک لەنێوان عێراق و ئێران ئەنجام درا"، قەدۆ ئاماژەی بەوەکرد، کە "ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە عێراق زیانێکی زۆری بە وڵاتەکە گەیاندووە و لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشەی بۆ وڵاتانی دراوسێ دروستکردووە"، وتيشى: "فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە، کە دەبێتە هۆی داماڵینی چەکەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لەناو خاکی عێراقدا و گواستنیان بۆ کەمپەکان وەک هاوڵاتیانی مەدەنی، یان شوێنەکانی دوور لە سنوور و وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت هەتا کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت"، جەختی کردەوە کە "عێراق داوای درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لە ئێران کردووە، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی پێویستی لەبەردەست نییه بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە و گواستنەوەو نیشتەجێکردنی ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵات لە کەمپەکان لەو مۆڵەتەی کە ئێران داویەتی"، ڕونيشيکردەوە، "حکومەتی هەرێم لەسەر هێڵی دانوستانەکان بووە لەم بارەیەوە و عێراق بەگشتی نیازپاكی بە لایەنی ئێرانی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەشێوەی هەنگاو".
