حەشدی شەعبی ئامادەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە "تیرۆریستيەکان" لە سووریا ڕاگەیاند
سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی عێراقی ئامادەیی تەواوی چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە "تیرۆریستيەکان" ڕاگەیاند.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، فالح فەیاز، سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی عێراق ڕایگەیاند: حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق، گوتیشی: فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکان دابینکردووە کە ئاسایشی وڵات دەپارێزن، بە گەلی عێراق ڕادەگەیەنین کە عێراق بە سەقامگیری دەمێنێتەوە و دەزانین چۆن شەڕی تیرۆریستان بکەین.
ئەوەش دوای ئەو مەترسیانەی لە ناوخۆی عێراق دەرکەوت، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارە توندڕەوکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا سەربە تورکیا، هێرشیان کردەسەر شارەکانی حەلەب و حەماە و ئیدلب لە سووریا، ئەمەش مەترسی بۆ ناوخۆی عێراق درووستکرد لە مەترسیی نزیکبوونەوەی ئەو گرووپە توندڕەوانە لە سنووری عێراق.
