خولی ئیتاڵیا... یانەی ناپۆلی بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە کالیاری بردەوە و بووە پاڵەوان
لە خولی ئیتاڵیا یانەی ناپۆلی بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە کالیاری بردەوە و بووە پاڵەوان ئینتەریش شکستی بە کۆمۆ هێنا.
لە یارییەکانی کۆتا هەفتەی خولی ئیتاڵیا ناپۆلی پێشەنگ لە یاریگای دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای تایبەت بە خۆی میوانداری کالیاری کرد.
تایمی یەکەم، تیپەکەی کۆنتی بە هەموو توانای خۆیانەوە هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵیان دەدا، لە خولەکی 42ی یارییەکەش ماکتۆمینای ئامانجەکەی بەدیهێنا و گۆڵی یەکەمی نوسییەوە.
لە تایمی دووەم، یارییەکە بە هەمان سیناریۆ درێژەی کێشا، ناپۆلی بەردەوامبوو لە فشارکردن تاکو رۆمیلۆ لوکاکۆ لە خولەکی 51 گۆڵی دووەم و دڵنیایی هێنایە بەرهەم، تا کۆتاییش ئەنجامەکە بەو شێوەیە مایەوە.
سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە سودی ناپۆلی کۆتایی هات، بەو ئەنجامە تیپەکەی کۆنتی بووە پاڵەوان و بۆ چوارەم جار لە مێژوویاندا نازناوەکەیان بەدەستهێنا.
لە یارییەکی دیکەی هەمان هەفتەش ئینتەر میلان لە کۆمۆی بردەوە و لە پلەی دووەم کۆتایی بەم وەرزەی سێریا ئەی هێنا.
