خولی ئینگلتەرا...لیڤەرپول لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس یەکسانبوو
لە خولی ئینگلتەرا لیڤەرپول لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس یەکسانبوو، تۆتنهامیش بە برایتۆن دۆڕا و مان یونایتدیش لە ئەستۆن ڤێلای بردەوە.
لە یارییەکانی هەفتەی 38 و کۆتا هەفتەی پریمەر لیگ، لیڤەرپول لە یاریگای خۆیدا رووبەڕووی کریستاڵ پاڵاس بوەوە.
لە تایمی یەکەم، کریستاڵ پاڵاس لە خولەکی نۆ لە رێگای ئیسماعیل سارەوە گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد، پاش چەند هەوڵێکی لیڤەریش ئەو تایمە بەو ئەنجامە کۆتایی پێهات.
لە تایمی دووەم، سەرەڕای کرانە دەرەوەی گراڤبێرگ لە خولەکی 68 بەڵام لیڤەر باشتر بینران و لە خولەکی 84 لە رێگای محەمەد سەڵاحەوە گۆڵی یەکسانیان تۆمارکرد و سەرەنجامیش یارییەکە بە یەکسانی کۆتایی پێهات.
بەم ئەنجامە لیڤەرپول بە 84 خاڵ ئەم وەرزەی لە پلەی یەکەم کۆتایی پێهێنا، کریستاڵ پاڵاسیش لە پلەی 12یەم بوو بە 53 خاڵ.
لە یارییەکانی تریشدا، مان یو بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی بە ئەستۆن ڤێلا هێنا، ئەوەش وایکرد خاڵەکانی ببن بە 42 خاڵ و لە پلەی 15یەم کۆتاییان بە وەرزەکە هێنا، ئەستۆن ڤێلاش لە سەرکەوتن بۆ چامپیۆنز لیگ بەجێما و بە 66 خاڵ لە پلەی شەشەم کۆتایی بە وەرزەکەی هێنا.
لەلایەکی تریشەوە، برایتۆن گۆڵبارانی تۆتنهامی کرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک شکستی پێهێنا.
