دادوەرێکی کورد وەک ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق سوێندی دەستبەکاربوونی خوارد
بەپێی راگەیەندراوێکی دادگای فیدراڵی عێراق، دادوەر جاسم جەزا جافر وەک ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدڕاڵی سوێندی دەستبەکاربوونی خوارد.
دادوەر جاسم جەزا جافر، تاوەکو سەرەتای ساڵی 2024، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سڵیمانی بوو، دواتر وەک ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو.
شایەنی باسە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ دادگای فیدراڵی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان کردبوو، داوای لێکردبوون دادوەرێک بەربژێر بکەن وەک دادوەری بنەڕەتی و دادوەرێکی دیکەش وەک دادوەری یەدەگ بەربژێر بکەن بۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق، تا ئێستا هەولێر هیچ دادوەرێکی کاندید نەکردووە، بەڵام سلێمانی دادوەر جاسم جەزای کاندیدکرد.
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە نۆ ئەندامی سەرەکی و چوار ئەندامی یەدەگ پێکدێن و بڕیارەکانیان بەهیچ شێوەیەک تانەیان لێناگیرێت.
