دوای سێ ساڵ لە دوورکەوتنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەگەڕێتەوە بەغدا
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق گەڕایەوە بۆ بەغداد، لەدوای لاچوونی لە پۆستەكەی لە ئۆكتۆبەری 2022دا ئەمە یەكەمجارە بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
گەڕانەوەی مستەفا کازمی بۆ عێراق لە بارودۆخێكی سیاسی هەستیاردایە و هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەیەكی نوێ لە ئەمریكا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەستبەكاربووە كە وەک هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی شیعە و هەژموونی ئێران لە عێراقدا دەبینرێت.
مستەفا عەبدوللەتیف مشتەت ناسراو بە مستەفا کازمی سیاسەتمەدارێکی عێراقییە، لە 6ـی ئایاری 2020 وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق دەستنیشانکرا، دوای دەستلەکارکێشانی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لەئەنجامی خۆپشاندانەکانی تەشرین، پێشتر لەسەردەمی کابینەی حکوومەتی حەیدەر عەبادی وەک سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی عێراقی دەستبەکاربوو.
مستەفا کازمی یەکێک لە کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژێمی بەعس بووە، بەم ھۆیەوە دەیان ساڵ لە دەرەوەی عێراق ژیاوە.

