دی یۆنگ و ئاراوخۆ و دوو یاریزانی تر لە لیستی فرۆشتنی بەرشەلۆنەدان
راپۆرتە رۆژنامەنوسییەکان بڵاویانکردەوە، هانسی فلێکی راهێنەری بەرشەلۆنە ناوی ئەو یاریزانانەی بە کارگێڕی یانەکەی داوە کە پشتیان پێنابەستێت و لە دەرەوەی پلانەکانی ئەودان.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشكرایکردووە، فلێک داوای کردووە لە مێرکاتۆی زستانەی ئێستادا دەستبەرداری هەریەکە لە فرینکی دی یۆنگ و رۆناڵد ئاراوخۆ و ئیریک گارسیا و ئانسو فاتی ببن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا بەرپرسانی بەرشەلۆنە سەرقاڵی خوێندنەوەن بۆ ئەو ئۆفەرانەی کە پێشکەشیان دەکرێت بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانانەی یانەکەیان و ئامادەن بیانفرۆشن.
رونیکردووەتەوە، دی یۆنگ نایەوێت بەرشەلۆنە جێبهێڵێت و ئامانجی ئەوەیە تا کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی بمێنێتەوە بەڵام ئەگەر لەسەر ئەو هەڵوێستەی بەردەوام بێت ئەوا لەلایەن یانەکەیەوە سڕ دەکرێت و لە یاریکردن دووردەخرێتەوە.
سەربارەت بە ئاراوخۆ، لە ئێستادا ئارسناڵ و یۆڤانتۆس هەوڵی گواستنەوەی دەدەن و ئەگەر یانە کەتەلۆنیەکە جێبهێڵێت ئەوا لەو کاتەدا ئیریک گارسیا دەمێنێتەوە چونکە داهاتووی بە ئاراوخۆوە بەستراوە.
