دەرباز کۆسرەت رەسول پێشوازی لە کونسوڵی ئەڵمانیا دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە،لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر دەرباز کۆسرەت رەسول لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی پێشوازی کرد لە کڵاوس شترایشەر کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا کە دارا خەیلانی ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەی بوو، دەرباز کۆسرەت رەسول سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتی لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو راهێنانی بەردەوام بە هێزەکانی پێشمەرگە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لەمڕووەوە هەردوولا جەختیان لەگرنگی باشترکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوەو لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان رایگەیاند یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خوازیاری پەیوەندییەکی بەهێزو هاوسەنگە لەگەڵ سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێکی تری دیداری نێوان لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و کونسوڵی ئەڵمانیا بوو، هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوورو بەلێکتێگەیشتنی هاوبەش.
