دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: لە کۆبوونەوەکانی دوێنێ نەچووینە وردەکاریی بابەتەکانەوە
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەکانی دوێنێ نەچووینە وردەکاریی بابەتەکانەوە، هیوادارم لە گفتوگۆکان، بەرژوەندییە کەسییەکان بخرێنە ئەولاوە و لایەنەکان بەرژەوەندیی هاوڵاتییان لەبەرچاوبگرن.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “کۆبوونەوەی دوێنێ باش بوو، هەردوولا لەگەڵ یەکتری راشکاوبووین، ئەوان تێڕوانینی خۆیان هەیە و ئێمەش تێڕوانینی خۆمان هەیە، ئومێدەوارین بەرژوەندییە باڵاکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێنە ئەرکی لەپێشینە”.
وتیشی، “لە کۆبوونەکە نەچووینە وردەکارییەوە، چونکە لەپێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، کۆبوونەوەکانی نێوانمان هەڵپەسێردرابوون، ئێستا دۆخێکی دیکەیە و دۆسیەی هەرێمی کوردستان و بەغدادمان لەبەردەستە، ئەو خاڵە ناکۆکانەی هەمانن قووڵ نین، بەڵام تێڕوانینی جیاجیامان هەبوو لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین دۆسیەی هەرێمی کوردستان و بەغداد تێهەڵکێشی یەکتری بکەین”.
باسی لەوەشکرد، “بەهۆی ئەو ناتەباییەی لە چەند ساڵی رابردوو هەبوو، کۆمەڵێک مافی دەستووری هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێشێلکراوە و دەستی بەسەرداگیراوە”.
