دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 30 تیرۆرست رادەگەیەنێت
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ساڵی رابردو لێکۆڵینەوەیان لەسەر گروپێکی توندڕەوی دەستپێکرد کە نیازیان هەبو بچنە ریزەکانی داعشەوە، دواتر بڕیاری دادوەر وەرگیرا و توانرا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا لە دەڤەری راپەڕین 30 تیرۆرست دەستگیربکرێن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم دو گروپی تیرۆریستی ئاشکرادەکات کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیری توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژی 21ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییان دەستکەوت لەسەر بونی دو گروپ لە دەڤەری (پشدەر و بتوێن )لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەویان وەرگرتوە و پیلانیان هەبوە بچنە ڕیزەکانی داعش و ببنە چەکداری ئەو گروپە تیرۆریستییە.
ئەوەشخراوەتەڕو، دوای بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگەی دروست لەسەر مەرامی تیرۆریستان و ناو و ناونیشانیان، ماوەی 20 رۆژ خرانە ژێرچاودێری بەردەوام و پاشان بەڕەزامەندی دادوەر لە ئۆپراسیۆنێکدا لە رۆژی 15ی مانگی (کانونی یەکەم/12)ی ساڵی رابردو لە قەڵادزێ 10 تیرۆریست دەستگیرکران کە دوانیان ئافرەتن.
لە راگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم باس لەوەشکراوە، دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕکرانەوە و لە هەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاجیای هێزەکانی ئۆپراسیۆن لە رۆژی 17ی مانگی (کانونی یەکەم/12)ی ساڵی رابردو لە ڕانیە، قەڵادزێ ، ژاراوە ، حاجی ئاوا و شکارتە 20 تیرۆریستی دیکە دەستگیرکران و ڕوبەڕوی یاساکرانەوە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، سەرئەنجام بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم گروپەی تیرۆریستیەی داعش لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی داعش کردوە چەندین جار پیلانیان داناوە هیجرەت بکەن بەڵام بە بڕیاری داعش کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبوە لەگەڵیان لەناو شارەکان هێڵراونەتەوە تا بەنهێنی بانگەشە بۆ داعش بکەن و گروپەکانیان بەرفراوانتر بکەن
