دەزگای هەواڵگری ڕزگارکردنی پێنج هاوڵاتیی عێراقی دەستبەسەرکراو لەلایەن باندێکی نێودەوڵەتییەوە ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، ڕزگارکردنی 5 هاوڵاتیی عێراقی ڕاگەیاند کە لەلایەن باندێکی نێودەوڵەتی خاوەن ڕەگەزنامەی جیاوازەوە ڕفێنرابوون.
لە ڕاگەیەندراوێكی دەزگاکەدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: "دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی توانی 5 هاوڵاتیی عێراقی ڕزگار بکات کە لەلایەن باندێکی نێودەوڵەتیی خاوەن چەند ڕەگەزنامەیەک ڕفێنرابوون".
ئاماژەی بەوەشكرد: "باندەکە قوربانییەکانی چەواشە کردبوو بەوەی کە ڕێکارەکانی سەفەریان بۆ ئەوروپا ئاسان دەکەن، و ڕایانکێشابوونە وڵاتێکی دراوسێ، لەوێ دەستبەسەریان کردبوون و داوای سەرانەیان لە کەسوکاریان کردبوو، دوای کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییەکان، مەفرەزەکانی دەزگاکە، بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لەو وڵاتەدا، توانیان سەرجەم ڕفێنراوەکان ڕزگار بکەن".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە ، دەزگاکە داوای لە سەرجەم هاوڵاتیان کرد کە "وریابن لە مەترسییەکانی پڕۆسەکانی ڕاکێشان کە باندەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بۆ تەڵەکەبازیکردن بە قوربانییەکان و هەڕەشەلێکردنیان و خستنە مەترسیی ژیانیانەوە بەکاری دەهێنن".
