دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم سەردانی داستگیركراوانی شەڕەكەی لالەزاریان کرد
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، سەردانی داستگیركراوانی شەڕەكەی لالەزاریان لە زیندانی كانی گۆمەی سلێمانی كردوەو دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی هەریەكەیان بەتەنیا لە ژورێكدا زیندانی كراون و تەندروستی سەرجەم زیندانیان باشە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای دەستەكەیان بەسەرۆکایەتی مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستە سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمەیان كرد لەشاری سلێمانی.
ئەوەشی خستۆتەڕو، شاندەکه بەجیا سەردانی هەریەک لە لاهور شێخ جنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی-یان کرد کە هەریەکەیان بەتەنیا لەژوریک زیندانین، دواتر سەردانی زیندانیانی تری شەڕەکەی لالەزاریان کرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، تیمی دەستە بەدواداچونیان کرد بۆ ڕەوشی تەندروستی و شوێنی مانەوەی زیندانیان و بەگشتی تەندروستی سەرجەم زیندانیان باشەو کەسوکاریان سەردانیان دەکەن و ئەوانەی داوای پارێزەریان کردوە بۆیان دابین کراوە و ئەوەی داوای نەکردوە بەئارەزوی خۆی ڕەتی کردۆتەوەو هەروەها ڕێگەشیان پێدراوە تەلەفۆن بۆ کەسوکاریان بكەن.
دەستەی مافی مرۆڤ هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو زیندانیانەی لە ڕوداوەکانی لالەزار دەستگیرکرابون کەپێشتر لەدژە تیرۆر بون، گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئاسایشی کانی گۆمە کە ژمارەیان ئێستا زیاترە لە 200 زیندانی .
ئەوەشی وتوە، لەدوای روداوەکانی شەڕی لالەزارەوە تا ئێستا کەیسەکان یەکلانەکراوەنەتەوە، بۆیە زیندانیان داوای یەکلاییکردنەوەو جیاکردنەوەی کەیسەکانیان دەکەن بەڕێگای دادگا و لەکاتێکی دیاری کراودا.
دەستەی مافی مرۆڤ، وتوشیەتی، بەئەرکی خۆیانی دەزانن بەدواداچون بۆ هەرکەیس و بابەتێک بکەن لەهەر شوێنێک بێت و لەنزیکەوەش چاودێری ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و زیندانیان دەكەن و جەختیشی كردۆتەوە كە پشتگیری لە زو یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئەو زیندانیانە دەکەن لەچوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.
