دەمیرتاش پێشەنگی سیاسەتی سڤیلە و حەزدەکات هەمووان لە تورکیا بە ئاسوودەی و بەختەوەری بژین
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی جەهەپە دوای دیدارەکەی لەگەڵ دەمیرتاش لە زیندانیی ئەزمیر ڕایگەیاند، "دەمیرتاش لە نزیکەوە چاودێریی سیاسەتی تورکیا و جیهان دەکات، بەڕێز دەمیرتاش، پێشەنگی سیاسەتی سڤیلە و حەزدەکات هەمووان لە تورکیا بە ئاسوودەی و بەختەوەری بژین".
سەرۆکی پێشووی جەهەپە لەبارەی ئەو سزای زیندانییەی بۆ سەلڵاحەدین دەمیرتاش دەرکراوە وتی: "دەمیرتاش ئەگەر لە دەرەوە بووایە، بەردەم سیاسەتی سڤیل زۆر باشتر واڵا دەبوو و دڵنیاشم کۆتایی بە رووداوەکانی تیرۆر دەهێنا، هەر بۆیە هەرگیز دەستبەسەرکرانی بەڕێز دەمیرتاش بە راست نازانم".
کڵچدارئۆغڵو وتیشی: "ئەرکی ئێمە ئەوەیە زمانێکی سیاسی نوێ لە تورکیادا بهێنینە ئاراوە و بە کارێکی دروستی نازانم دەمیرتاش لە زینداندا بێت"، هەروەها جەختیکردەوە کە مەرجی بنەڕەتی ئاسایی بوونەوەی تورکیابە دیموکراسیبوونی ئەو وڵاتەیە.
رۆژی 16ـی ئایاری 2024 دادگای تورکیا سزای 42 ساڵ زیندانیی بەسەر سەلڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە سەپاند کە لە دۆسیەی کۆبانێدا تۆمەتبار کرابوو و هەر لەو دۆسیەیەدا فیگەن یوکسەکداغ هاوسەۆکی پێشووتری هەدەپە بە 30 ساڵ و ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادران.
