راوێژکاری سودانی:هەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی لەلایەن لیژنەی راسپێردراوەوە ئامادەکراوە
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەستوری رایگەیاند، هەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی لەلایەن لیژنەی راسپێردراوەوە ئامادەکراوە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، لە بنەما نوێیەکانی ئەو هەموارەش ئەوەیە دەبێت سەرۆک و جێگری دادگای فیدڕاڵی دادوەری پسپۆڕ بن و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری باڵاوە دیاری بکرێن.
حەسەن یاسری راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەستوری رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرەانەوە راسپێردراون بۆ پێداچونەوە بە یاسای دادگای فیدڕاڵی کارەکانی تەواو کردوە و رەشنوسی هەمواری یاساکەی رادەستی ئەنجومەنی وەزیران کردوە، بۆ ئەوەی دەنگی پێبدرێت و دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بە نیازە لەگەڵ هەمو لایانە سیاسییەکان گفوتگۆ لەبارەی رەشنوسی نوێی یاسای دادگای فیدراڵی بکات بە شێوەیەک کە گرەنتی بنیادنانی تەواوی دامەزراوە دەستورییەکان بکات.
ئەوەشی خستەڕو، ئەو هەموارانەی لە یاسای دادگای فیدڕاڵیدا کراون پەیوەستە بە پابەندبون بە دەستور و سەرجەم هەموارەکان بەپێی نوسراوی شارەزای دادوەری و یاسایی و ئاینی ئیسلام کراوە، لە هەموارەکەشدا مەرجە سەرۆکی دادگا و جێگرەکەی دادوەر بن.
حەسەن یاسری باسی لەوەشکرد، بنەما نوێیەکانی دیکەش بریتین لەوەی مەرجە دیاریکردنی دادوەر بۆ ئەو دادگایە بە دەستی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بێت، لەو ریگەیەشەوە کاریگەری لەسەر سەربەخۆیی دادگاکە دروست نابێت.
