راوێژکارێکی سودانی: ئەمریکا بەردەوام داوای دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی دەکات
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، لیژنەیەکی سەربازی هاوبەشی عێراقی – ئەمریکی پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، زیاتر لە جارێکیش وادەی کشانەوەی ئەو هێزانە دیاریکراوە، بەڵام بەردەوام ئەمریکا داوای کردوە دوابخرێت.
خالد یەعقوبی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی بە ئاژاسنی هەواڵی عێراقی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرەتای دەستبەکاربونیەوە جدی بوە لە چارەسەرکردنی دۆسیەی بونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزانە لەسەر داواکاری حکومەت لە عێراقدا ماونەتەوە و لە مانگی (ئاب/8)ی ساڵی رابردو لیژنەی سەربازی هاوبەشی بەغدا و واشنتن توێژینەوەیان لەسەر ئەو بژاردانە کرد کە پەیوەستن بە چۆڵکردنی خاکی عێراق لەلایەن سەربازە بیانییەکانەوە.
ئەوەشی خستەڕو، لەبارەی کاروباری ئەو لیژنەیەوە لایەنی عێراقی هەمو پابەندییەکانی ئەنجامداوە، حکومەتی عێراقیش زیاتر لە جارێک هەوڵی دانانی وادەیەکی دیاریکراوی بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان داناوە، بەڵام ئەمریکا بەردەوام داوای کردوە وادەکە دوابخرێت، هەرچەندە هۆکارەکانیشی بۆ لایەنی عیراقی سەرنجراکێش نەبوە.
