راگەیاندراوی کۆتایی کۆبونەوەی هاوبەشی پارتی و یەکێتیی لە دەباشان بڵاوکراوە
راگەیاندراوی کۆتایی کۆبونەوەی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکرایەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەباشان ئەنجام درا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و کوردستان بە تایبەتی، هەردوولا پشتڕاستمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردەوە و تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان لە پێناو بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووەش، بە ئاڕاستەی زیاتر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتین،" 1- هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، 2- بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین، 3- بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت، 4- هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین، 5- لە پێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان".
