رژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێکرد
رژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێکرد، کە پێشتر دوو برای تری لە لەسێدارە درابوون.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، "دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ھاوڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکاندا لە رۆژھەڵاتی کوردستان جێبەجێ کرد، کە پێشتر دوو برای بە هۆکاری سیاسیەوە لەسێدارە دراون، ھاوکات ھەمان سزایان بەسەر هاوڵاتییەکی دیکەی کوردی یارسان (کاکەیی)دا سەپاند".
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندووە، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو “حوسێن مەحەممەدی” تەمەن 52 ساڵ، دوای 15 ساڵ زیندانیکردنی لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا.
بە گوتەی تۆڕەکە، ئەو ھاوڵاتییە کوردە کە خەڵکی گوندی “تیکان تەپە”ـی سەر بە شاری “بۆکان”ـە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە، پێشتر لە شاری “رەشت”ـی باکووری ئێران دەستبەسەرکراوە و لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەو شارەوە بە تۆمەتی هەڵبەستراوی “تێوەگلان لە بازرگانی ماددەی هۆشبەر”دا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە حوسێن مەحەممەدی پێشتر دوو برای بە ناوەکانی “حەسەن و ئیسماعیل مەحەممەدی” بە تۆمەتی سیاسی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لەسێدارە درابوون.
