ساڵح حەسناوی:عێراق پشتیوان و هاوکاری خەڵکی غەززەیە و داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی نێودەوڵەتی دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لەبارەی هاتنی بریندارانی غەززە بۆ عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کاروانی یەکەمی بریندارانی غەززە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیشتوونەتە عێراق و لە ئێستادا چارەسەریان بۆ دەکرێت و ئامادەن بۆ وەرگرتنی برینداری دیکە.
ئەوەشی خستە روو، عێراق پشتیوان و هاوکاری خەڵکی غەززەیە و داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ پێکهێنانی ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە و دەستکردن بە هەڵمەتی فریاگوزاری بۆ زیانلێکەوتووانی غەززە.
راشیگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تەندروستیی عێراق توانیویەتی لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا بەهۆی چارەسەری پێویستەوە، بە رێژەی ٧٠٪ مردنی دایکان و بە رێژەی ٥٠٪ مردنی منداڵان کەم بکاتەوە .
باسی لەوەش کرد، حکومەتی عێراق بە هاوکاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گرنگییەکی تایبەتی بە بەرنامەکانی خۆپارێزی و چاکسازی و چارەسەرکردنی کۆمەڵگا داوە.
